ئابوری

نوێترین لێدوانی دارایی عێراق لەبارەی دواکەوتنی مووچە

نها نیوز – هەواڵەکان

بريكارى وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی 7ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە زانیاری دەخاتە روو. هاوکات دەڵێت "لە مانگەکانی داھاتوو مووچەی ھەرێمی کوردستان دواناکەوێت".

مەسعود حەیدەر، بريكارى وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "بەپێی یاسا و رێنماییەکان، دیوانی چاودێری دارایی پێداچوونەوە بە خەرجی دەوڵەت دەکات بۆ ھەموو مانگەکانی 1 تاوەکو مانگی 6ـی 2024 (خەرجی نیو ساڵ) بەوانەی ھەرێمی کوردستانیشەوە".

دەشڵێت "پێداچوونەوەکە بەردەوامە، وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی موازنە ھەوڵی تەواو دەدەن بۆ تەواوکردنی پێداچوونەوەکان لە کەمترین ماوەدا و داواکردن لە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان".

بريكارى وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتووەوە دەڵێت "گرنگە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان بە زووترین کات لیستی مووچەی مانگی 8 رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات، بە تەواوبوونی پێداچوونەوەی مانگەکانی پێشوو، لە مانگەکانی داھاتوو مووچەی ھەرێمی کوردستان دواناکەوێت".

ماوەیەکی زۆرە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی 7ـی بۆ بەغدا ناردووە، بەڵام وەک بەغدا دەڵێت، هێشتا وردبینی لەو لیستەدا بەردەوامە.
 
2024-08-12
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.