ئابوری

بەپەلە.. دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی پێشمەرگە راگیرا

نها نیوز – هەواڵەکان

بەڕێوەبەرى بانکى مەڵکەندى لە سلێمانى دەڵێت "هەزاران خانەنشینى پێشمەرگەى سەر بە یەکەکانى 70 و 80 تەنیا مووچەى مانگى پێنجیان وەرگرتووە و مووچەى مانگى شەشیان وەرنەگرتووە. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێم دەڵێت "خانەنشینان نابێت سەر بەیەکەى 70 و 80 بن.

شۆخان عومەر، بەڕێوەبەرى بانکى مەڵکەندى لە سلێمانى بە میدیای یەکێتیی راگەیاند، مووچەى خانەنشینانى یەکەکانى 70 لاى ئەوانە، مووچەى مانگى ئایار دابەشکراوە، بۆ مووچەى مانگى حوزەیرانیش، وەزارەتى پێشمەرگە بە فەرمى پێیان راگەیاندوون، لەگەڵ مووچەى مانگى تەمووز، مووچەى مانگى حوزەیران وەردەگرن.

هاوکات عەزیز عەلى، بەڕێوەبەرى گشتیى خانەنشینى پێشمەرگەى سەر بە وەزارەتى دارایى و ئابوورى دەڵێت "تەمویلى مووچەى خانەنشینانى پێشمەرگە تەنیا بۆ مووچەى مانگى ئایار کراوە و یەک مووچەیان وەرگرتووە و تەمویلى مووچەى مانگى حوزەیران نەکراوە، بۆیە وەریان نەگرتووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان رایگەیاند "کێشەى تەکنیکى هەیە و پەیوەندى بە تەمویلى پارەوە نییە، دیوانى چاودێرى دارایى عێراق داواى کردووە خانەنشینانى پێشمەرگە پێویستە سەر بە بەرێوەبەرایەتى خانەنشینانى پێشمەرگە سەر بەوەزارەتى دارایى بێت و نابێت سەر بەیەکەى 70 و 80 بێت.
 
2024-07-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.