ترەمپ پەیامێکی توند ئاراستەی تاران دەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هۆشدارییە سەربازییەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران توندتر کردەوە و ڕایگەیاند، کە هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی بە ئاراستەی ئێران لە جوڵەدان.
ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس سۆشیال” ئاشکرای کرد، کە گەلە کەشتییەکی جەنگیی گەورە و بێوێنە، بە ڕێبەرایەتی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری “ئەبراهام لینکن”، بەرەو ئێران لە جوڵەدایە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم هێزە دەریاییە زۆر گەورەترە لەوەی پێشتر بۆ ڤەنزوێلا ڕەوانە کرابوو، و کەشتییەکان بە خێرایی و هێز و ورەیەکی بەرزەوە دەجوڵێن.
سەرۆکی ئەمریکا داوای لە تاران کرد بە خێرایی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی “دادپەروەرانە” کە تێیدا ئێران دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببێت.
ترەمپ هۆشداری دا کە کات بەرەو تەواوبوون دەچێت و بیری هێنایەوە کە پێشتریش هۆشداری دابوو، بەڵام بەهۆی گوێڕایەڵنەبوونی ئێران “ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەو” ئەنجامدرا کە وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە، و جارێکیتر هۆشداریی دایەوە کە هێرشی داهاتوو “زۆر خراپتر” دەبێت.
ئەم لێدوانانەی ترامپ هاوکاتە لەگەڵ چەند پێشهاتێکی گرنگ، لەوانە جێگیرکردنی هێز ئەویش کەشتیی ئەتۆمی “ئەبراهام لینکن” کە دەیان فڕۆکەی جەنگی لەسەرە، گەیشتووەتە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی باشووری ئێران.
لەهەمان کاتدا، سێنتکۆم دەستی بە مانۆڕێکی گەورەی ئاسمانی کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نیشاندانی هێز.
کۆشکی سپی دووپاتی کردووەتەوە کە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن، بەتایبەت ئەگەر ڕژێمی ئێران بەردەوام بێت لە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (بەشی فارسی) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە”وەک سەرۆک ترەمپ وتوویەتی، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ئێران دەکەین؛ سەرۆک ترەمپ پیاوی کردارە.”
|