زەنگی هێرشکردنە سەر ئێران لێدرا
نهانیوز-هەواڵەکان
زەنگی هێرشکردنە سەر ئێران لێدرا و رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، قەبارەی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم هەفتەیەدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەدوای ئۆپەراسیۆنی (شێری هەڵاتوو)ی ئیسرائیل دژی ئێران لە حوزەیرانی ڕابردووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە كە (RT)ه رووسی وەرگێڕانی بۆ كردووە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکۆڵن) لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەگاتە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM)، هاوکات سێ سێرەی فڕۆکەی (F-15) و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی (پاتریۆت) و (ساد) لە ناوچەکەدا جێگیر کراون.
لەم چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند کە هێزێکی دەریایی مەزن و کەشتیگەلێکی گەورە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی لەناکاو بەرەو ئێران بەڕێ کەوتوون.
ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتۆن بەوردی چاودێریی تاران دەکات و ئامادەیە بۆ هەر پێشهاتێک، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هەڕەشەی "سڕینەوەی ئێرانی لەسەر نەخشەی زەوی" کردبوو لە ئەگەری دروستبوونی هەر مەترسییەک بۆ سەر ژیانی.
لەلایەکی دیکەوە، گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران گەیشتووەتە لوتکە و هەردوولا هەڕەشەی توند ئاڕاستەی یەکدی دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، مەسعوود پزیشکیان، سەرکۆماری ئەو وڵاتە، هۆشدارییان داوە کە هەر جۆرە بەئامانجگرتنێکی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، وەک راگەیاندنی جەنگی گشتگیر دەبینرێت و وەڵامێکی وێرانکەری بەدوادا دەبێت.
|