هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب راگەیەنراوێکیان بلاوکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی "بەرفراوان"ـی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و هەزاران چەکداریان بۆ سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تێکشکاندووە. لە شەڕەکەدا تانکێک و پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێنراون و حەوت درۆنی بۆمبڕێژکراو خرانە خوارەوە، هەروەها دەیان چەکداری گرووپەکانی سەر بە دیمەشق کوژراون.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای سێ رۆژ لە تۆپبارانی چڕ بە تانک و مووشەکی گراد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق هێرشێکی زەوینیی گەورەیان دەستپێکرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە بە بەشداریی "زیاتر لە 60 تانک و زرێپۆش، دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی و هەزاران چەکدار" بە پشتیوانیی درۆن و بۆردوومانی چڕ کراوە و ئامانجیان داگیرکردنی گەڕەکەکان بووە.
ئاسایشی حەلەب دەڵێت، هێزەکانیان لە میحوەرەکانی (ئەشرەفییە، کاستێلۆ و گۆڕستانەکان/جەبانات) رووبەڕووی هێرشەکە بوونەتەوە و توانیویانە هێزەکان ناچار بە پاشەکشە بکەن. زیانەکانیش بەم شێوەیە بوون:
ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای شکستھێنانیان لە پێشڕەوی زەوینی و "هەڵاتنیان لە بەرەکانی شەڕ،" گرووپەکان دەستیان کردووەتەوە بە تۆپبارانی "وەحشیگەرانە" بۆ سەر گەڕەکەکان.
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ جەختیان کردەوە کە ئەم بەرگرییە "پاڵەوانانەیە" پەیامێکە بۆ ئامادەییان لە پاراستنی سڤیلەکان و بەرپرسیارێتیی تەواوی هێرشەکە و لێکەوتەکانی دەخەنە ئەستۆی حکومەتی دیمەشق.
|