سوپای ئیسرائیل لوبنانی کردە ئامانج
نهانیوز-هەواڵەکان
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین ئامانجی حیزبوڵڵایان لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان کردە ئامانج کە لە نێویاندا بنکەیەکی سەرەکیی مەشق و ڕاهێنان هەبووە.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێكی فەرمیی سوپای ئیسرائیل، ئەو مەکۆیە سەربازییەی کە کراوەتە ئامانج، لەلایەن یەکەی ڕەزوانی حزیبوڵڵاوە بۆ ئامادەکردن و مەشقی چەکدارەکانیان بەکارهاتووە. لەو بنکەیەدا چەکدارەکان مەشقی تەقەکردن و بەکارهێنانی جۆرە جیاوازەکانی چەکیان کردووە بەمەبەستی داڕشتنی پلان و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خاکی ئیسرائیل و سوپاکەی.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە چەندین کۆگای چەک و تەقەمەنی و ژێرخانی سەربازیی تری حیزبوڵڵایان تێکشکاندووە. هاوکات لە باکووری لوبنانیش چەند بینایەکی سەربازیی ئەو حیزبە کراونەتە ئامانج کە بۆ مەبەستی هێرش بەکاردەهێنران.
لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، ئەم جموجۆڵە سەربازییانەی حیزبوڵڵا و مەشقەکانیان، پێشێلکردنی ڕاشکاوانەی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنانە و مەترسییەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. بۆیە بەردەوام دەبن بۆ لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر وڵاتەکەیان.
|