ئیسرائیل پلانێکی گەورەی سەربازیی ڕاگەیاند
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پلانێکی گەورەی سەربازیی راگەیاند و دەیهەوێت پارەیەکی زۆر بۆ پیشەسازی درووستکردنی چەک تەرخان بکات، بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای ناوخۆیی.
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمێکی سەربازی لە بنکەیەکی ئاسمانی لە باشووری وڵاتەکەی ئاشکرای کرد کە حکومەتەکەی پلانێکی سەربازیی بەرفراوانی پەسەند کردووە بۆ بەهێزکردنی سوپای ئیسرائیل. بەگوێرەی وردەکاریی پلانەکە، بڕیارە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بڕی 350 ملیار شیکل کە دەکاتە نزیکەی 110 ملیار دۆلار، تەنیا بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی دروستکردنی چەکدا تەرخان بکرێت.
جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە لە پیشەسازیی چەکدا بە تەواوی پشت بە خۆیان ببەستن. ئیسرائیل دەخوازێت لە دەیەی داهاتوودا سەرجەم توانا ناوخۆییەکانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چیتر تەنانەت پێویستی بە هاوپەیمانە نزیکەکانیشی نەبێت و خۆی بتوانێت پارێزگاری لە باڵادەستیی سەربازیی و جۆرێتی چەکەکانی لە ناوچەکەدا بکات بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هاوکاریی دەرەکی بێت
|