جیهان

وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئامارێکی مەترسیداری بڵاو کردەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

بریکاری وەزیری تەندروستیی ئێران لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلۆنزا هۆشداری دا و ڕایگەیاند، شەپۆلی ئەنفلۆنزای ئەمساڵ زۆر سەختترە لە ساڵی ڕابردوو و بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە.

د. عەلیڕەزا ڕەئیسی، بریکاری وەزیری تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، ڕەوشی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە هەشت پارێزگای ئێران دژوارە و تاوەکو ئێستا 115 کەس بەهۆی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا گیانیان لەدەستداوە. هۆشداریشی دا کە بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و کۆبوونەوەی خەڵک لە شوێنە داخراوەکان، مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتاکە زیاتر دەبێت.

بەگوێرەی زانیاریی ناوەندە تەندروستییەکان، زۆربەی ئەوانەی مردوون کەسانی بەتەمەن و ئەو کەسانەن کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و پەتاکە بە فراوانی لەناو منداڵانی تەمەن (5 بۆ 14 ساڵ) بڵاوبووەتەوە و تووشی پەتای سەختی کردوون.

بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغیی زۆر لەسەر ناوەندە تەندروستییەکان، هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی ئێران بڕیارێکی هاوبەشیان دەرکردووە؛ بەپێی بڕیارەکە ئەگەر لە هەر ناوەندێکی خوێندندا پەتاکە تووشی ژمارەیەکی بەرچاوی خوێندکاران بوو، دەبێت خوێندن لەو قوتابخانەیەدا بەشێوەی کاتی ڕابگیرێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە تووشبوونی ئەوانی دیکە بکرێت.

 
3کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.