عەباس عەراقچی : ئەگەر ڕۆژئاواییەکان بڕیار بدەن ئێمە ئامادەین هەم بۆ دانوستان و هەم بۆ شەڕ
نهانیوز-هەواڵەکان
تاران هۆشداریی دایە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی لەبارەی پێشکەشکردنی پڕۆژە بڕیارێکی نوێ لە ئەنجوومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش دەڵێت" بۆ دانوستان و جەنگ ئامادەین".
ڕەزا نەجەفی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕایگەیاندووە، ئەو وڵاتانە بەردەوامن لە خراپ بەکارهێنانی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەپاندنی بۆچوونە لووتبەرزەکانیان بەسەر گەلی ئێراندا و هەوڵدەدەن لە ڕێگەی بەکارهێنانی زۆرینەی ژمارەیی خۆیان بسەپێنن.
لای خۆیەوە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی راگەیاند"هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی حوزەیران لە ڕاستیدا "هێرشکردنە سەر دیپلۆماسی" بووە و "هەرچەندە ئیمکاناتەکان لەناو دەچن و ئامێرەکان لەناو دەچن، بەڵام ئیرادەی خەڵک و تەکنۆلۆژیا لەناو ناچێت."
وتیشی"ئێمە لە ڕووی بەرگرییەوە زۆر بەهێزترین لە 13ی حوزەیران؛ ئەگەر ڕۆژئاواییەکان بڕیار بدەن، ئێمە ئامادەین هەم بۆ دانوستان و هەم بۆ شەڕ".
|