حکومەتەکەی شەرع و هەسەدە رێککەوتن
نها نیوز - هەواڵەکان
میدیای فەرمیی حکومەتی سوریا ڕایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەدوای چەند کاتژمێرێک لەشەڕو پێکدادانی سەخت لەگەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، لەسەر ئاگربەستێکی کاتیی لەو ناوچانەی شارەکە ڕێککەوتن.
بەرەبەیانی ئهمڕۆ سێشەممە تەلەفزیۆنی فەرمیی سوریا بڵاویکردەوە "بەهۆی شەڕو پێکدادانەکانی شەوی دووشەممەی گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب، لانیکەم ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سوریا کوژراوە و هاوڵاتییەکیش لەئەنجامی بۆردومانەکاندا کوژراوە".
هاوکات سەرچاوە خۆجێیەکانی سوریا ئاشکرایانکردووە "لەبارەی شەڕو پێکدادانەکانی شەوی دوشەممە، هێزەکانی حکومەتی سوریا لەڕێگەی بەکارهێنانی درۆنەوە، هێرشیان کردوەتەسەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب؛ شێخ مەقسودو ئەشرەفییە".
هەر بەپێی میدیای فەرمیی سوریا، کە لەزاری بەرپرسێکی ئەمنیی سوریاوە وەریگرتوە، "لەئەنجامی هێرشێکی هەسەدەدا، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کوژراوەو سێ کەسی دیکەش لەنزیک گەڕەکی شێخ مەقسود برینداربون، ئەمە جگەلەوەی هاوڵاتییەکی سڤیل لەئەنجامی بۆردومانی هێزە کوردییەکان کوژراوە".
دواى بڵاوبونهوهى ئهو ههواڵه، هەسەدە هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی سوریاى ڕەتکردەوەو هێزەکانی سەر بەدەسەڵاتی دیمەشقیان تۆمەتبارکردوە بەگەمارۆدانی گەڕەکە کوردییەکانی و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو گەڕەکانە لەڕێگەی تانک و بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆرەوە.
ئەو شەڕو پێکدادانە لەدوای ئەوەدێت، گرژییەکانی چەند مانگی ڕابردووی نێوان دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەباکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا پەرەیسەندوە.
|