جیهان

ئێران گەورەترین نهێنی پشت پەردەی ئیسرائیلی ئاشکراکرد

نها نیوز - هەواڵەکان
 
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لەگەڵ کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵڵای لوبنان ئاگاداری ئەو هێرشە لەناکاوەی ئیسرائیل نەبوون.

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی "نە ئێمە و نە حەسەن نەسروڵڵا و نە سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس، ئاگاداری کاتی هێرشەکە نەبووین".

وتیشی "حەسەن نەسروڵڵا سەرەڕای ئەوەی لەوادەی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادار نەکراوەتەوە، بەڵام بە وردی قۆناغە پێویستەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل داڕشتبوو".

قائانی ئاشکراشیکرد "حەسەن نەسروڵڵا لەوادەی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بێدەنگ بوو و هیچ وتارێکی پێشکەشنەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا توانی ترس لەناو ئیسرائیلییەکان بچێنێت، توانای خۆی نیشاندا بۆ هەموو ڕەهەندەکانی شەڕەکە، چ سەربازیی بێت یان دەروونی".

ئەو فەرماندەیەی فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئێران باسی لەوەشکرد "فشارەکانی حزبوڵڵا، ئیسرائیلی ناچارکرد سێیەکی سوپاکەی لە باشوری لوبنان جێگیر بکات، ئەمەش ڕەوتی شەڕی گۆڕی."

بەوتەی ئیسماعیل قائانی "ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا بۆسەر حەسەن نەسروڵڵا بۆمبێکی گەورەی کیمیایی بەکارهێناوە، کە ئەمەش تاوانێکی ڕوونی جەنگە".

"تەنیا دوو ڕۆژ پێش داوای ئاگربەستی ئیسرائیل، حزبوڵڵا زیاتر لە 350 موشەک و هاوەنی قەبارە جیاواز ئاراستەی شوێنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەشارەکانی حەیفا کردووە و تەنانەت شوێنی نیشتەجێبوونی نەتانیاهۆشی کردە ئامانج". قائانی وا دەڵێ
 
2025-10-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.