جیهان

دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەیەکی قورس دەکات

نهانیوز-هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا تا ئێوارەی رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بە كاتی واشنتۆن مۆڵەتی بۆ حەماس دیاریکرد کە ئاگربەست قبوڵ بکات.

هەینی 3ی تشرینی یەکەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، لە تۆڕی "تروس سۆشیال" رایگەیاند:"سەرجەم بارمتەكان ئازاد بكەن، لەوانەش تەرمی كوژراوەكان، ئێستا پێویستە بگەینە رێككەوتن لەگەڵ حەماس تا كاتژمێر شەشی ئێوارەی رۆژی یەكشەممە، بە كاتی واشنتۆن، هەموو وڵاتان لەسەر پلانەكە رەزامەندن".

ترەمپ هەروەها نوسیویەتی " دەرفەتێكی دیكە دەدەینە حەماس كە كۆتا دەرفەتە، دەوڵەتانی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەمەند، لەگەڵ ناوچەكانی دەوروبەریان، لەگەڵ ئەمەریكا و بە رەزامەندی ئیسرائیل، لەسەر ئاشتی رێككەوتووین، ئەمەش دوای سێ هەزار ساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

سەرۆكی ئەمەریكا لە درێژەی قسەكانیدا دەشڵێت "ئەم دەرفەتە ژیانی سەرجەم چەكدارە زیندووەكانی حەماس رزگار دەكات، وردەكاری رێككەوتنەكە هەموو دنیا دەزانێت، رێككەوتنێكی گەورەیە بۆ هەموان، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەر رێگەیەك بێت بەدی دەهێنین، توندوتیژی و خوێنڕشتن دەوەستێت".

ترەمپ ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لە تۆڵەی هێرشی حەوتی ئۆكتۆبەر زیاتر لە 25 هەزار چەكداری حەماس كوژراون، دەشڵێت" زۆربەی ئەوانەی ماون گەمارۆ دراون، چاوەڕێی وشەی بڕۆن لە منەوە، بەوەش بە خێرایی ژیانیان لەدەست دەدەن". ترەمپ وای نوسیوە."

ترەمپ داوا لە "فەڵەستینیە بێتاوانەكان دەكات ناوچەكە چۆڵ بكەن، لە داهاتوودا رەنگە مردنی گەورە رووبدات بۆیە بە خێرایی بچنە شوێنە پارێزراوەكانی غەززە".

سەرۆكی ئەمەریكا هەروەها دەڵێت "ئەوانەی ماون ئێمە دەزانین كێن و لە كوێن، راوتان دەكەین و دەتانكوژین، ئەگەر نەگەنە رێككەوتن لەم كۆتا هەلەدا، دۆزەخ بەسەرتاندا دەكرێتەوە، بەشێوەیەك هیچ كەس پێشتر نەیبینیوە دژ بە حەماس".

ئەوەش  لەكاتێكدایە، پێشتر سەركردەیەكی حەماس رایگەیاند، بزوتنەوەكەیان پێویستی بە كاتی زیاترە بۆ تاوتوێی پلانەكەی ترەمپ بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە.

 
2025-10-03
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.