نها نیوز - هەواڵەکان
وتەبێژی فەرمی حکومەتی ئێران لە بارەی دانوستان لە گەڵ ئەمریکا و فشارەکانی ئسرائیل رایگەیاند، لە دوا هەوڵیاندا بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی سزاکان، شاندی وڵاتەکەی لە نیویۆرک داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکە کردووە، بەڵام رەتکراوەتەوە. دەشڵێت "فشاری ئیسرائیل" بە هۆکاری شکستپێهێنانی هەوڵەکان دادەنێت."
فاتیمە موهاجەرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە دوا سەردانیاندا بۆ نیویۆرک، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە کە ئەمریکا، سێ وڵاتە ئەوروپییەکە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم تێیدا بەشداربن، "بەڵام رەتکرایەوە".
موهاجەرانی وتیشی"شاندی وڵاتەکەمان رایانگەیاندبوو کە ئامادەن لە بەرامبەر نەگەڕاندنەوەی سزاکاندا، لەبارەی 60% یۆرانیۆمی پیتێنراوەوە گفتوگۆ بکەن، بەڵام لایەنی بەرامبەر رەتیانکردەوە".
وتەبێژەکە ئاماژە بەوەش دەکات "سەرەتا ئەمریکییەکان رازیبوون بۆ ماوەی شەش مانگ گەڕاندنەوەی سزاکان رابگرن، "بەڵام بەهۆی فشاری ئیسرائیلەوە هەوڵەکە سەری نەگرت". گوتیشی: "خەڵکی ئێران دەبێت بزانن دەزگای دیپلۆماسیی وڵاتەکەمان هەموو هەوڵێکی خۆیدا بۆ دواخستن یان راگرتنی سزاکان، بەڵام بەهۆی لۆبیی ئیسرائیلەوە پەکخران".
رۆژی یەکشەممە، 28ـی ئەیلول، ئەنجومەنی ئاسایش بە کۆی دەنگ بڕیاری گەڕانەوەی سزاکانی بۆ سەر تاران دەرکرد. سزاکان قەدەغەکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، گەشەپێدانی مووشەکی بالیستی، راگرتنی گرێبەستی چەک، بلۆککردنی سامانی ئێران لە دەرەوە و قەدەغەی گەشتکردن لەسەر بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.