ئێران پەیامێک ئاراستەی ئەمریکا دەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر ڕێگەی دیپلۆماسی نەگیرێتەبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی دۆخێکی وێرانکەر دەبێتەوە".
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هۆشداری دا لە وێرانبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ڕایگەیاند: ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەشتن بە ڕێککەوتن شکست بێنن دەرئەنجامی زۆر ترسناکی دەبێت و وێرانکەر دەبن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەورووپا دەیانەوێت ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێت لەگەڵ ئێران، دەبێت ڕێگەی دیپلۆماسی بگرنەبەر و کاتی پێویستی پێبدەن، نابێت بیر لە بژاردەی دەرەوەی دیپلۆماسی بکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەشێکی وتەکانیدا ئامادەیی ئێرانی بۆ چارەسەری دیپلۆماسی دەربڕیووە و ڕایگەیاند، تاران ئامادەیە ڕێککەوتنامەیەکی ڕاستەقینە و هەمیشەیی ئەنجام بدات و پیتاندنی یۆرانیۆم لە ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بێت بەڵام دەبێت سزاکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە دوای "جەنگی 12 ڕۆژە" ی نێوان ئیسرائیل و ئێران و بەشداریی ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان، واشنتن بەردەوام هەوڵ دەدات ئێران بگەڕێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندن بەڵام تاران مەرجی هەیە بۆ کۆبوونەوە.
|