نهانیوز-هەواڵەکان
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر هەیە 25 وڵات لە جیهاندا ببنە خاوەن بۆمبی ئەتۆم دەشڵێت"مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی ئەتۆمی زیاترە لە ڕابردوو".
یەکشەممە 7ی ئەیلول ڕافایل گرۆسی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی لاڕیپبلیکای ئیتاڵی دەڵێت" بەبێ ئەوەی بمەوێت ترس و دڵەڕاوکێ دروستبکەم، دەڵێم مەترسیی شەڕی ئەتۆمی ئەمڕۆ زیاترە لە ڕابردوو".
گرۆسی بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ باس لە ماوەی دیاریکراو بۆ ئەو جەنگە بکات ، ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر هەیە 25 ولات لە داهاتوویەکی نزیکدا ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی دەشڵێت" لە ئێستادا نۆ دەوڵەتی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا هەن".
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاشیگەیاند" پرۆسەی چەکداماڵین یان کەمکردنەوەی کۆنترۆڵکراوی جبەخانە ئەتۆمییەکان وەستاوە، ئەوانەی چەکی ئەتۆمییان هەیە، لەنێویاندا چین، زیاتر بەخێراییەکی زۆر خەریکی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمییە".
بەپێی ئاماری دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی (SIPRI) و داتاکانی کەمپەینی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەکی ئەتۆمی (ICN)، ئەو نۆ دەوڵەتەی خاوەن چەکی ئەتۆمی پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرن کە بریتین لە ئەمریکا، ڕوسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین، هەروەها هیندستان، پاکستان، کۆریای باکور و ئیسرائیل.
مەزەندە دەکرێت کە ئەم وڵاتانە بە کۆی گشتی نزیکەی 12 هەزار چەکی ئەتۆمییان هەیە کە بەشێکی زۆری کە نزیکەی 10 هەزار و 700 چەکی ئەتۆمی لەبەردەستی ڕووسیا و ئەمریکادایە.