وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران:ئامادەین ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکەینەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت" بۆ ئەوەی بگەین بە ڕێککەوتن دەکرێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکەینەوە".
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ڕۆژنامەی گاردیانـی بەریتانی ڕاگەیاندووە: ''تاران ئامادەیە ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 3.67% کەمبکاتەوە، کە ئەمەش ئەو ئاستەیە لە ڕێککەوتنی پێشووی ئەتۆمیی دانرابوو، بەڵام بە مەرجێک ڕێککەوتنێکی گشتگیر بکرێت کە مافی ئێران بۆ پیتاندنی ناوخۆیی بپارێزێت.''
بەقائی دەشڵێت" بۆچی ئەمریکا پێداگرە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران، لە کاتێکدا وەک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خۆی دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران ئەو بنکانە لەناوچوون".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە تاران و واشنتن لەمانگی نیسانەوە پێنج گەڕی دانوستانی ناڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران، لەسەروبەندی ئامادەکاری بۆ گەڕی شەشەمی دانوستان، ئیسرائیل لە مانگی حوزەیران هێرشی بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و دواتریش ئەمریکا هەرسێ بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئەسفەهان و فۆردۆی بە ئامانج گرت.
|