عەلی لاریجانی: ئێران خۆی رادەست ناکات
نهانیوز-هەواڵەکان
ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت" ئێران هەرگیز ڕادەست نابێت و کشانەوەش لە پەیماننامەی قەدەغەی چەکی ئەتۆم ئەگەرێکی کراوەیەوە".
ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئابی 2025، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە میانی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" قسەکردن لەسەر فشارخستنە سەر ئێران بۆ ناچارکردنی تا ڕادەست بێت، تەنیا قسەیەکی بێ مانایە، چونکە ئێران هەرگیز ڕادەست نابێت".
لاریجانی لە درێژەی قسەکانیدا، لە بارەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕایگەیاند" سەرەڕای ئاگربەست، بەڵام ئێمە هێشتا لە دۆخی جەنگداین". وتیشی" پێویستە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکان بۆ سەر ئێران بکرێت."
سەبارەت بە پەیماننامەی قەدەغەی چەکی ئەتۆم، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ڕوونی کردەوە، کشانەوەی ئێران لە پەیماننامەکە ئەگەرێکی کراوەیە، چونکە تا ئێستا هیچ سوودێکی بۆ وڵاتەکە نەبووە.
لە بارەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا، لاریجانی ئاماژەی بەوە دا، دانوستانەکان کاتێک بەرهەمیان دەبێت کە لایەنی بەرانبەر تێبگات جەنگ نابێتە هۆی چارەکردنی کێشەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران هەرگیز دەستبەرداری دیپلۆماسییەت نابێت.
|