نهانیوز-هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی ئۆکرایناوە راگەیاند و دەڵێت”پشتیوانی لەو دڵنیاییە ئەمنییانە دەکەین کە ساڵی 2022لە ئیستانبوڵ لەسەری ڕێککەوتین”.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،پشتیوانی لەو دڵنیاییە ئەمنیی و بنەمایانە دەکەن کە لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئیستانبوڵ لە ساڵی 2022دا بە دەستپێشخەری شاندی ئۆکراینا لەسەری ڕێککەوتن و، بەڕاستی ئەو بنەمایانە پشت بەستوون بە بنەمای دابەشنەکراو، ئاسایش و ئاسایشی بەکۆمەڵ.
لاڤرۆڤ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئەو گفتوگۆ ڕاستەوخۆیانەی هەردوولا پێش چەند ڕۆژێک لە دەستپێکی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا لە ساڵی 2022سەرەتا لە بێلاڕووس و پاشان لە ئیستانبوڵ ئەنجامیاندان، بۆ لابردنی هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕ و پێکدادانەکان ئەنجام دراون.
لاڤرۆڤ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئەو کاتە بەڵگەنامەیەک دەرکەوت کە پڕۆژە یاسای بنەماکانی چارەسەری تێدابوو کە کیێڤ پێشکەشی کرد و، لەلایەن شاندی ئۆکراینی و ڕووسییەوە واژوو کرا و، وتی “ئەم ڕەشنووسە پێشتر بنەما بنەڕەتییەکانی دەستەبەرکردنی ئاسایش لە قۆناغی دوای شەڕ و پێکدادان لەخۆگرتبوو ، باسی لە پێویستی دەستەبەرکردنی ئەم ئاسایشە کردبوو بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە و بەکۆمەڵ.
ڕاشیگەیاند، سەرەتا کۆمەڵێک وڵاتی گەرەنتیکار کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و ئەڵمانیا و تورکیا لەخۆدەگرێت دادەمەزرێنرا، ئەم لیستەی وڵاتانی گەرەنتیکار کراوە دەبێت بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی ئارەزووی بەشداریکردنیان هەیە، ئەم وڵاتانە گەرەنتی ئاسایشی ئۆکراینا دەکەن.
لاڤرۆڤ باسی لەوە کرد، کە ئۆکراینا وەک دەوڵەتێکی بێلایەن دەمێنێتەوە و، بەشداری لە ناتۆ و هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازی دیکەدا ناکات، ئەمەش دۆخی دەوڵەتێکی بێ ئەتۆم و بێلایەنە کە لە ڕاگەیاندنی سەروەری و سەربەخۆیی ساڵی 1990ی وڵاتەکەدا هاتووە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لاڤرۆڤ، ئەوەیشی خستەڕوو، کە ئەو ڕێککەوتنەی لە ئیستانبوڵ ئەنجامدرا، لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا، بۆریس جۆنسنەوە تێکدراوە، جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە کە پێیان وایە بنەمای دابینکردنی بەکۆمەڵی دڵنیاییە ئەمنییەکان کە لە ئیستانبوڵ دیاریکراون بۆ دابینکردنی ئاشتیی، ئەمڕۆش زۆر سروشتی و دروستن.