جیهان

تاران بڕیاریدا درێژە بە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەورووپا بدات

نها نیوز – هەواڵەکان

لەکاتێکدا سێ وڵاتی سەرەکی ئەورووپا کۆتایی ئەم مانگەیان وەک دوا وادە بۆ ئێران دانا بۆئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانە ئەتۆمییەکان و هۆشدارییان دا لە سەپاندنی سزای زیاتر ئەگەر تاران، پابەند نەبێت، لە نوێترین پێشهات داجێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، بڕیاری دانوستانیان لەگەڵ ئەوروپا داوە، بەڵام وادە وشوێنەکەی رانەگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردوەوە، سەعید خەتیبزادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی تورکیا  سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی ئاماژەی بەوەداوە، بەردەوام بین لە دانوستانەکان، دەشڵێت "هیوادارین ئەوروپییەکان لەوە تێبگەن کە ئەگەر ئامانجەکە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی مانادار بێت لە نێوان هەردوولادا، هەموو شتێک مومکینە.

کونسوڵخانەی ئێران لە تورکیا، سەرەتای ئەم مانگە میوانداری دانوستانەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیای کرد، کە لەسەر ئاستی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو چوار وڵاتە بەڕێوەچوو.

ئەم دانوستانە دووهەمین دانوستانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی بوو لەدوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە 12 ڕۆژەی خایاند، کە ئەمریکا بە بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەشداری شەڕەکەی کرد.

ئیرنا لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە نووسیویەتی، "وەک دەزانن، ئێران بۆ ماوەی ساڵێک سەبرێکی ستراتیژی نیشان دا لە بەرامبەر ئەگەری قەرەبووکردنەوەی ئەوروپییەکان کە بەڵێنیان پێدابوو لە بەرامبەرنە کشانەوەی ئێران لەبەرجام، بەلام بەداخەوە ئەوروپییەکان نەیانتوانی هیچ شتێکی مانادار ئەنجام بدەن، لە ڕاستیدا ئیرادەیەکی ئەوتۆیان نەبوو کە قەرەبووی کشانەوەی تاکلایەنە و نایاسایی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی بەرجام بکەنەوە."

رێککەوتنی 2015، کە بە پلانی گشتگیریی کاری هاوبەش (JCPOA) ناسراوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2018، لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییدا لێی کشایەوە و سزای تووندی سەپاندەوە، داڕما.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ چین و ڕووسیا کاردەکەین بۆ ڕێگریکردن لە گەڕاندنەوەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش.بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆتایی مانگی ئاب واتە ‌هەتا(کەمتر لە سێ هەفتە) مۆڵەتیان بە ئێران دا بۆ ئەوەی بچێتە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ بۆ سەرپەرشتیکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەڕەشەی ئەوەشیان کرد کە ئەگەرنا ڕێگە خۆش دەکەن بۆ گەڕانەوەی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سێ دەوڵەتە ئەورووپییەکە، کە بە گرووپی (E3) ناسراون، رۆژی چوارشەممە بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان راگەیاند، ئامادەن سزاکان بەسەر تاراندا بسەپێننەوە، ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب هیچ چارەسەرێکی دیپلۆماسی نەدۆزرێتەوە.


2025-08-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.