جیهان

مارکۆ ڕۆبیۆ: ڕێکەوتنی ئەمریکا و روسیا ئاسان نییە

نهانیوز-هەواڵەکان

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی دۆناڵد ترەمپ لە گفتوگۆكانیدا لەگەڵ پووتین گەیشتنە بە ئاگربەستی گشتی لە ئۆکراینا، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو سەرۆک پێویستییان بە کاتی زیاتر هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک ترەمپ و پوتین کراوە، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتنی ڕاگرتنی جەنگ لە ئۆکراینا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر گەرەنتییە ئەمنییەکان، کێشە و ناکۆکییە خاکییەکان بەشێک دەبن لە بابەتێکی گشتگیر و ئامانجی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە کە بگاتە ڕاگرتنی تەواوەتی جەنگ، تاوەکو ئەو گفتوگۆیانە ئەنجام بدرێن، بەڵام چارەسەرێکی گشتگیر بۆ ئەم ململانێیە کاتی زیاتری دەوێت.

هەریەک لە کۆشکی سپی و کۆشکی کریملن ئامادەکارییە دیپلۆماسی و ئەمنییەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن و ڕاگرتنی جەنگ لە ئۆکراینا گفتوگۆی لە بارەوە بکرێت و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بن.

ئەم کۆبوونەوەیە، دەبێتە یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، لە هەمانکاتدا ئەم کۆبوونەوەیە بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن دەتوێنێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بە قۆناغی دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو سەرۆک ببێت بە قۆناغی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا.

دۆناڵد ترەمپ، پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ پووتین، پرسی ئاڵوگۆڕی خاک لە ئارادا دەبێت، ئەمەش نیگەرانی لای ئۆکراینا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دروست کردووە کە پێیان وایە نابێت چارەنووسی ئۆکراینا بەبێ ئامادەبوونی خۆی دیاری بکرێت.

 
2کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.