هۆشداری لە سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورەی ئەمنی و ئابووری دەدرێت
نها نیوز – هەواڵەکان
ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ کۆپی نامەیەکی نهێنی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەستکەوتووە کە ئاراستەی وەزارەتەکان و کۆمپانیا گەورەکان کراوە و تیایدا هۆشداری دەدات لە دەرئەنجامەکانی گەرانەوەی سزا قورسەکانی وەک ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی ئێران و ڕوودانی قەیرانی گەورەی ئابووری و ئەمنی.
لەم نامەیەدا وەزارەتی ئیتلاعات وێرای ئاماژەدان بە جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەوروپی.داوای لە دامەزراوە ئابوورییە هەستیارەکان کردووە کە بەتەواوی ئامادەکاری بۆ سیناریۆی کاراکردنی ئەم میکانیزمە بکەن.
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، سێ وڵاتی ئەوروپی کە ئەندامی ڕێکخراوی JCPOAن، ڕایانگەیاند کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئەرکەکانی خۆی بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ نەکات، ئامادەی چالاککردنی ئۆتۆماتیکی میکانیزمی گەرانەوەی سزاکانن بۆسەر سەر تاران.
پێشترعەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند کە دەرئەنجامەکانی میکانیزمی گەرانەوەی سزاکان، زیاد لە پێویست گەورە کراوە.
بەڵام نامەیەکی نهێنی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران نیشان دەدات کە لە دەرەوەی ئەم لێدوانە فەرمییانە و لە پشت پەردەوە کۆماری ئیسلامی لە "هەڕەشە ئەگەرییەکانی" چالاککردنی ئەم میکانیزمە دەترسێت.
|