پێکدادانی چەکداری لە ئێران ڕوویدا
نهانیوز-هەواڵەکان
ئەمڕۆ هێرشێکی چەکداری لەلایەن سوپای عەدل کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی پۆلیس و سێ چەکدار کوژران.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئاب پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستان ڕایگەیاند، تیمێکی پۆلیس کە لە ناو شاری سەراوان خەریکی بەڕێوەبردنی ئەرکی ڕۆژانەیان بوون لە لایەن گرووپێکی چەکداری نەناسراوەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانیش ئاشکرای کردووە لەم پێکدادانانەدا سێ هێرشبەر و پۆلیسێک کوژراون و پۆلیسێکی دیکەش بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ بنکەیەکی تەندروستی.
ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە، ئەم چەکدارە هێرشبەرانە سەر بە گرووپی جەیشولعەلی بوون و ویستوویانە بچنە ناو بنکەیەکی پۆلیسی شاری سەراوان بەڵام لە لایەن هێزی پۆلیسەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و ڕێگرییان لێ کراوە.
شاری سەراوان کە دانیشتووانەکەی بەلووچن، لە نزیک سنووری ئێران و پاکستان هەڵکەوتووە و لە ساڵانی ڕابرودوودا چەندین جار لە نێوان پۆلیسی ئەم شارە و هێزەکانی جەیشولعەدل کە گرووپێکی بەلووچن، شەڕ و پێکدادان هاتووەتە ئاراوە.
|