ئیسرائیل پلانی دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززەی پەسەندکرد
نها نیوز – هەواڵەکان
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کابینەی ئەمنیی حکومەتی وڵاتەکەی پلانی ناتانیاهۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی غەززە پەسەندکرد.
ئەمڕۆ هەینی 8ی ئابی 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "کابینەی ئەمنیی حکومەتی وڵاتەکەی پلانی نەتانیاهۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی غەززە قبووڵ کردووە، هەروەها لە ماوەی دەستبەسەرداگرتنەکە، ئیسرائیل یارمەتیی مرۆیی بۆ خەڵکی دەرەوەی ناوچەی شەڕ دابین دەکات".
پلانەکەی کابینە وەزارییەکەی ئیسرائیل، کۆنتڕۆڵکردنی غەززە بە چەند قۆناغێک لە خۆی دەگرێت. لە قۆناغی یەکەمدا هاوکاریی مرۆیی دەگەیەنرێتە دانیشتووانی شاری غەززە و پاشان لە دانیشتووانی شاری غەززە بۆ باشووری کەرتەکە دەگوازرێنەوە.
میدیای ئیسرائیلی پێشبینی کردووە شەش فیرقەی سەربازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی غەززە دابمەزرێندرێن و گەمارۆ دەخرێتە سەر چەکدارانی حەماس لە شاری غەززە.
شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد، وێرانکارییەکی گەورەی لە سەرتاسەری کەرتی غەززە بەدوای خۆیدا هێنا.
|