بریار لە داگیرکردنی تەواوی غەزە دەدرێت
نها نیوز – هەواڵەکان
بەرپرسێکی باڵا لە نوسینگەی ناتانیاهۆ رایگەیاند، سبەینێ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەزە دەدرێت و ئۆپەراسیۆنەكان ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە بارمتەکانی لێیە.
كەناڵی "سكای نیوز" بڵاویكردەوە، بەرپرسێکی باڵا لە نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، رایگەیاندووە، بڕیارەکە دراوەو کەرتی غەززە داگیر دەکەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە: بڕیارە سبەی سێشەممە، ناتانیاهۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام بدات و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدات.
هاوكات کەناڵی (١٢)ی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە: ناتانیاهۆ خواستی لە فراوانکردنی هێرشەكان و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززەیە.
لای خۆیەوە، رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت" لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە: ئەگەر داگیرکردنی کەرتی غەززە بۆ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئيسرائيل (ئیال زامیر) گونجاو نییە، با دەست لەکاربکێشێتەوە، وەك وەڵامێك بۆ زامیر، كە دژی داگیركردنی تەواوەتی كەرتی غەززەیە.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەكان ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە بارمتەکانی لێیە.
جەختیشانكردەوە، بڕیارەکە دراوەو بەرەو داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە دەڕۆن.
|