جیهان

حەماس بۆ دانانى چەک نەرمیی نواندووە


نها نیوز - هەواڵەکان

نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رایگەیاند، بزووتنەوەى حەماس بۆ دانانی چەک نەرمیی نواندووە و نەتانیاهۆش پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.

رۆژنامەى “هائارتس”ـی ئیسرائیلی لەزاری ستیڤ ویتکۆف نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاشکرایکردووە "لەئێستادا پلانمان هەیە کۆتایی بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بهێنین"، هەربە وتەی ویتکۆف؛ حەماس لەبارەى پرسى چەکدانانەوە نەرمى نواندووە.

ناوبراو زیاتری ئاشکرا کرد و وتیشی "ئامانجمانە لە یەک رێککەوتندا تەواوى بارمتەکان ئازاد بکرێن و تا ئەوکارەش نەکرێت سەرکەوتن بوونى نابێت".

ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵێکى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە بۆ ئاسانکاریکردن لە گەیاندنى هاوکاریییە مرۆییەکان بۆ کەرتى غەززە.

نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست راشیگەیاند "دانوستانەکان وەستاون و لەدوای کشانەوەی شاندەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دەوحە وەستاون".

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی ڕۆژنامەی "هائارتس"دا کەلە زاری نێوەندگرانەوە باسی کردووە، دەڵێت "ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان هێشتا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، سەرەڕای وەڵامدانەوەی حەماس کە پێشکەوتنی بەدەست هاتووی خاوکردەوە".

لاى خۆشیەوە بزووتنەوەی حەماس ئەو قسانە ڕەتدەکاتەوەو رایگەیاند "سەردانەکەی ویتکۆف بۆ ناوەندی دابەشکردنی یارمەتییەکان، شانۆگەرییەکى پێشوەختە بوو".

هاوکات، ئامانجی سەردانەکە چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و پۆلیشکردنی وێنەی داگیرکاری و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی بۆ شاردنەوەى برسێتیەکەی بوو، ئیدارەی ئەمریکا هاوبەشێکی تەواوە لە تاوانی برسێتی و جینۆساید.

لەلایەکى دیکەشەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لەزاری ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندوە "حەماس هیچ هۆکارێکی نییە بۆ دانوستان لەسەر شەڕی کەرتی غەززە".

ڕۆژنامەکە رای ستیڤ لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا لە تەلئەبیب لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلییەکان، وەرگرتووە و ناوبراو هێمای بۆ ئەوەشکردووە،  "برسێتی لە غەززەدا نییە" دەشڵێت "پلانەکە فراوانکردنی شەڕەکە نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بەو شەڕە".

باسی لەوەشکرد، ئێستا دەبێت گفتوگۆکان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان چڕبکرێنەوە، نەک گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەشەکی.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە ویتکۆڤ  لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی بنەماڵەی دیلەکانی ئیسرائیل لە تەلئەبیب توشیەتی "بەبێ گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان هیچ سەرکەوتنێک بەدی نایەت".

جەختیشی لەوە کردەوە، هیچ کەسێک نایەوێت شەڕی غەززە فراوانتر بکات، هەروەها هەمووان دەیانەوێت کۆتایی پێبێت.
2025-08-02
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.