جیهان

پێشبینی شەرێکیتری خوێناوی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکرێت

نهانیوز-هەواڵەکان

پاش ئەوەی ئیسرائیل لە 13ی حوزەیراندا هێرشەکانی بۆسەر ئێران دەست پێکردو بووە هۆی هێرشی پێچەوانەی تۆڵەسەندنەوەی تاران لە ئیسرائیل و  بەشداری کردنی  کورت خایەنی ئەمریکا بۆ شەڕەکە، ئاگربەستێکی شکڵی خێرا راگەیەندرا ،بەڵام  دوای ئاگربەستەکە، هێشتا گرژییەکانی نێوانیان نەرەویوەتەوە و بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات  لە هەر دەرفەتیکدا بە تووندی هەرەشەی وێرانکاری بۆ سەر یەکتر دەکەن و بە پێی زانیارییەکان، ڕەنگە زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا شەڕەکە دەست پێبکاتەوە.

 کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاگربەستی شکڵی نێوانیان، تاران و تەلئەبیب خۆیان بۆ خولی داهاتووی ڕووبەڕووبوونەوە ئامادە دەکەن، بە پێی ئەو راپۆرتە، ڕەنگە زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا شەڕەکە دەست پێبکات.

ئەو کەنالە وێرای ئاماژەدان بە تەقینەوە نهێنییەکانی ئەم دواییەی ئێران و نەگەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ دانوستانەکان، نووسیویەتی تاران سەرقاڵی بنیاتنانەوەی سیستەمی بەرگری و مووشەکی خۆیەتی و لە هەمان کاتدا باس لە ئەگەری "لێدانی پێشوەختە" دەکات.

لەبەرامبەردا ئیسرائیل هۆشداری داوە کە ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوە، ئەوا بژاردەی دووبارە هێرشکردن لە سەر مێزەکە دەبێت.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست پێشتر بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل پێی وایە ئەگەر کۆماری ئیسلامیش نهێنییەکانی خۆی بپارێزێت، ئەوا وڵاتەکە لانیکەم یەک بۆ دوو ساڵ لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دوورە.

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەگەری مانەوەی هەندێک سەنتەرفیوژ یان یەدەگی یۆرانیۆم بە شاراوەیی ناتوانرێت ڕەت بکرێتەوە.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە ئێران سەرقاڵی رێکخستنەوەی سیستەمی بەرگری و موشەکیەتی، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت پێشوەختە هێرش بکات.

زوی خەیمۆڤیچ، فەرماندەی پێشووی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل بە کەناڵی ١٢ی ڕاگەیاندووە، نابێت مرۆڤ وا دابنێت کە خولی داهاتووی شەڕەکە وەک قۆناغی کۆتایی دەبێت و پێویستە ململانێکان زوو دەست پێبکات.

ناوبراو جەختی کردەوە، کۆماری ئیسلامیش لە شەڕی ئەم دواییە هەڵسەنگاندن و پەند وەردەگرێت.

لە راپۆرتەکە دا هاتووە، ئەگەر هەڕەشەیەکی دەستبەجێ یان دەرفەتێکی ستراتیجی سەرهەڵبدات، ئیسرائیل لەوانەیە ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەی شەڕی “سەرهەڵدانی شێرەکان”ی ئەم دواییە دەستپێبکات.

 
2025-08-02
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.