جیهان

بەهێزترین بومەلەرزەی مێژوو روویدا وهۆشداری لە کارەساتێکی گەورە دەدرێت

نهانیوز-هەواڵەکان

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلە لە کەناراوەکانی نیمچە دورگەی کامچاتکا لە ڕوسیا هەژاند، دوابەدوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزە، هۆشداریی تسونامی درا، بەتایبەتی لە ژاپۆن و ڕوسیا و ئەمریکا. شەپۆلەکان بە بەرزی سێ بۆ چوار مەتر لە بەشێک لە ناوچەی کامچاتکا تۆمارکراون.

سیستەمی ئاگادارکردنەوەی تسونامی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەگەری دروستبوونی شەپۆلی مەترسیداری تسونامی لە هەندێک ناوچەی کەنار دەریاکانی ڕووسیا و ژاپۆن لە ماوەی سێ کاتژمێری داهاتوودا هەیە.

هەروەها سیستەمی ئاگادارکردنەوەی تسونامی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دۆخی ئاگادارکردنەوەی تسونامی بۆ گوام و دوورگەکانی ماریانا باکوور دەرچووە.

پارێزگاری کامچاتکا بە پشتبەستن بە زانیارییە سەرەتاییەکان ڕایگەیاند، ئەو بوومەلەرزەیەی کە کەناراوەکانی ناوچەکەی گرتووە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵکو باخچەیەکی ساوایان زیانی پێگەیشتووە.

میدیای فەرمیی رووسیا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە ژمارەیەک کەس بریندار بوون، بەڵام برینی هیچ کامیان سەخت نییە. 
 
میدیای فەرمیی ژاپۆنیش هەندێک دیمەنی بڵاوکردەوە کە تێیاندا دەردەکەوێ خەڵک رادەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بگەیێننە ناوچەی بەرز، لەوانەش لە دوورگەی هۆکایدۆی باکووری ئەو وڵاتە کە یەکێک بوو لەو شوێنانەی زوو سوونامییەکە گرتییەوە. 


پارێزگاری کامچاتکا ڕایگەیاند، ئەو بوومەلەرزەیەی سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکەی گرتەوە، "بەهێزترین بوومەلەرزە لە چەند دەیەی ڕابردوودا".

ناوبراو هۆشداریی تسونامی بڵاوکردەوە و داوای لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە کرد بە زووترین کات لە ناوچە کەنارییەکان دوور بکەونەوە.

2025-07-30
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.