ئیسرائیل هەرەشەی لەناوبردنی خامنەیی دووبارە دەکاتەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
ئیسرائیل جارێکیتر هۆشداری تووند دەداتەوە بە خامنەیی و دەڵێت، "ئەگەر لە هەرەشە کردن بەردەوام بێت، زۆر بە ئاسانی نەک تاران، خودی خامنەییش لە ناو دەبەین".
ئەمرۆ یەکشەممە 27ی تەمووز، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە میانی سەردانێکدا بۆ بنکەی ئاسمانی ڕامۆن رایگەیاند، دەیهەوێت پەیامێکی ڕوون بۆ خامنەیی بنێرێت و هۆشداریی دایە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و ڕایگەیاند، ئەگەر بەردەوام بێت لە هەڕەشەکردن لەسەرمان، دەستی ئیسرائیل بە ئاسانی دەیگاتێ و لەناوی دەبات.
عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران لە دوا پەیامیدا وتبووی، بەو هەموو دەنگە دەنگ و بانگەشەیە ئیسرائیل نزیک بوو لە داڕمان و لەژێر لێدانی کۆماری ئیسلامیدا چەقێنرا.
ئەمە یەکەمجار نییە کە وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لەناوبردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بکات.
پێشتریش کاتز لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەرەشەی لە ئێران کرد ورایگەیاند، ئەگەر لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تەقاندنی مووشەک بەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل دا بەردەوام بن، باشترە چارەنووسی سەدام حسەینی دیکتاتۆر لەبیر نەکەن، کە هەمان ڕێگای لە دژی حکومەتی ئیسرائیل هەڵبژارد".
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دوای سەردانی شوێنی هێرشی مووشەکی ئێران لە باشووری تەلئەبیب لە 10ی خەرمانان، دووپاتی کردەوە کە نابێت ڕێگە بە خامنەیی بدرێت بژی.
|