نهانیوز-هەواڵەکان
پزشکییان داوا لە ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات دەکات بگەڕێنەوە؛ ورایگەیاند "فەرشی سوورتان بۆ رادەخەین.
ئەمرۆ شەممە 26ی تەمووزی 2025 مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیر و بریکاری وەزیرانی کاروباری دەرەوە، لە وتارێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: لە ماوەی ئەو ١٢ ڕۆژەی بەرگری قورس و بوێرانەی کە ئەنجامدرا، دوژمن بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵی دا چۆک بە ئێران دا بدات بەڵام خۆی شکستی هێنا، لەم نێوەندەدا خەڵکی بەشەرەفی وڵاتەکەمان ڕۆڵێکی دیاریان بینی و بە خۆڕاگری و هاودەنگییەکی نموونەیی کارێکی گەورەیان بە ئەنجام گەیاند کە شایەنی پێزانین و ڕێزگرتنە.
پزیشکیان، راشیگەیاند، پێویستە چوارچێوەیەک بۆ ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات دابنرێت کە بە ئاسانی بێنەوە بۆ وڵاتەکەیان و نەترسن، و ئەمەش پێویستی بە هاوکاری دەسەڵاتی دادوەری و وەزارەتی ئیتڵاعات هەیە، ئەوانیش سەرمایەکانی ئەم خاک و نیشتمانەن."
ئەم لێدوانانە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت، کە ڕەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری میراتی فەرهەنگی، گەشتیاری و پیشە دەستییەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی، بە نوێنەرایەتی پزیشکیان داوای لە ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات کردبوو کە بگەڕێنەوە بۆ ئێران.
ناوبراو راشیگەیاندبوو، ئێمە فەرشی سوور بۆ ئامادەبوونی ئێرانییەکان ڕادەخەین.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێک لەم ئێرانییانە، دوای گەڕانەوەیان بۆ وڵات دەستگیر، زیندانی و دادگایی کراون.
پەرلەمانی ئێران بە ٢٠٩ دەنگی ئەرێنی، گەڵاڵەنامەی گشتیی پشتگیری لە ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات"ی پەسەند کرد؛ گەڵاڵەنامەیەک کە ئامانج لێی "ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی" کۆچبەرانی ئێرانی و بەکارهێنانی "توانا زانستی، ئابووری و فەرهەنگییەکانیان" ڕاگەیەندراوە.
ئەم گەڵاڵەنامەیە لە ١٦ تەوری سەرەکیدا داڕێژراوە، کە لەوانە دەتوانرێت ئاماژە بە ئاسانکاریی هاتن و چوون، پشتیوانیی دادوەری و کونسوڵی، هەموارکردنی یاساکانی ڕەگەزنامەی دوولایەنە، دروستکردنی سیستەمی پەیوەندی، و دابینکردنی ئاسانکاری بۆ خوێندکاران، نوخبەکان و وەبەرهێنەران بکرێت.