تاران بە بەکارهێنانی چەکێکی مەترسیدار تۆمەتبار کرا
نها نیوز – هەواڵەکان
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە راپۆرتێکدا ئێرانی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، چەکی مەترسیدارو قەدەغەکراوی بەکارهێناوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئهمڕۆ پێنجشەممە ئێرانی تۆمەتبارکرد بەوەی لە کاتی شەڕی 12 ڕۆژەی لهگهڵ ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا موشهكی ئاڕاستهی ناوچە مەدەنییەکانی ئیسرائیل کردوە، ئەوەش "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییه".
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، "هێزەکانی ئێران لە مانگی ڕابردودا موشەکی بالیستیکی کە سەری تەقەمەنی کلاستەریان تێدابو، ئاراستەی ناوچە چڕەکانی نیشتەجێبونی ئیسرائیلیان کردوە، لە هێرشێکدا کە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی دروستکردوە".
لە بەیاننامەکەدا لە زاری ئیریکا گیڤارا ڕۆساس، بەڕێوەبەری توێژینەوە و داکۆکی و سیاسەت و کەمپینەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە هاتوە، "تەقەمەنیی کلاستەر چەکێکی كاریگهره و هەرگیز نابێت بەکاربهێنرێت، بە بەکارهێنانی ئەو چەکانە لە ناوچە نیشتەجێبونەکان یان لە نزیکەوە، هێزەکانی ئێران ژیانی خەڵکی مەدەنییان خستوهتە مەترسییەوە و بێبایەخییەکی ئاشکرایان بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان نیشانداوە".
لە بەیاننامەکە دا ئهوهش هاتوه، ئهو موشهكه بە شێوەیەک دروستکراوە کە ژمارەیەکی زۆر لە بۆمبڵێت بەسەر ناوچەیەکی فراواندا دهخاته خوارهوه، جگە لەو ناوچە جوگرافییە فراوانەی کە تێیدا دەتەقنەوە، هەندێک لەو بۆمبڵانە لەکاتی بەرکەوتنیاندا شکستدەهێنن لە تەقینەوە، ئەوەش وایکردوە لە هەر کاتێکدا لە داهاتودا بتوانن بتەقنەوە.
|