جیهان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەكەی تەلەفونیدا لەگەڵ، سەرۆك وەزیرانی عێراق، باسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم  و پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی كردووە وداوا لە سوودانی دەکات کاری جددی بکات بۆ راگرتنی هێرشە درۆنیەکان.

تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێكدا ئاشکرای کرد، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، قسەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەو كێڵگە نەوتیانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، جەختی لە گرنگی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان و رێگریکردن لە دووبارەبونەوەیان کردەوە.

لە راگەیەندراوەکە دا هاتوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسیشی لە گرنگی بەردەوامی پێدانی مووچەی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە کردووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، روبیۆ، نیگەرانیی قوڵی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە، کە لە ئێستادا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، جەختی لەوە کردووە، هەر یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی هەژمونی ئێران و گروپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات.

 
2025-07-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.