ئێران: هەوڵ دەدەین لەگەڵ ئەوروپا بگەینە ڕێککەوتن
نهانیوز-هەواڵەکان
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند" هەوڵ دەدەن ڕێگە چارەیەکی دوولایەنه بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بدۆزنەوە"، دەشڵێت" سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر وڵاتەکەی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران ئاڵۆزتر دەکات".
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٥، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ڕایگەیاند" لە کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە هەڵوێستی خۆمان لەبارەی سەپاندنەوەی سزاکان ئاشکرا دەکەین، پێشمان وایە ئەوان هیچ مافێکیان نییە سزاکان بسەپێننەوە".
غەریب ئابادی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە هەوڵ دەدەن ڕێگە چارەیەکی دوولایەنه بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بدۆزنەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردووە، نزیکەی حەوت ساڵە، واتە دوای کشانەوەی ئەمەریکا، وڵاتە ئەورووپییەکان لە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکە وەستاون، هاوکات چۆن وڵاتەکەمان بە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەکە تۆمەتبار دەکەن لە کاتێکدا خۆیان پابەند نەبوونە.
ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە نێوان ئێران و بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ئیستانبۆڵ بەڕێوە بچێت و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە فۆکس نیوزی ئەمریکی راگەیاند کە دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵناگرن.
|