جیهان

راوێژکاری باڵای خامنەیی لە گەڵ سەرۆکی رووسیا کۆبوەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

دوای ئەوەی ئێران بۆ دەربازبوون لە گەرانەوەی سزا قورسەکان بۆسەر وڵاتەکەی، دانوستانی لەگەڵ 3 وڵاتی ئەورووپی راگەیاند، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی بە سەردانێکی چاوەروان نەکراو گەیشتە رووسیا بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. 

ئەمرۆ یەکشەممە 20ی تەمووزی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، پێشوازییان لە عەلی لاریجانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی رێبەری باڵاى ئێران کردووە و لە دیدارێکدا لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکەیان پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان تاوتوێکردووە.

دیمیتری پیسکۆڤ،وتەبێژی کرێملن رایگەیاند، لاریجانی هەڵسەنگاندنی تارانی لەبارەی دۆخی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مۆسکۆ روونکردووەتەوە.

پیسکۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پوتن هەڵوێستی ئاشکرا و نەگۆڕی وڵاتەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و چۆنییەتی گێڕانەوەی سەقامگیریی بۆ ناوچەکە خستووەتەڕوو.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر عەلی لاریجانی لە ڕێوڕەسمێک دا لە ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی "ئامراز" و "تاکتیک"ە و بڕیارەکان سەبارەت بەو بابەتە لەلایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دەدرێت.

هاوکات ئەمرۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویكرده‌وه‌، ئێران، بریتانیا، فڕەنسا و ئەڵمانیا ڕێککەوتون لەسەر ئەنجامدانی دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

به‌گوێره‌ی میدیای فه‌رمی ئێران، ئه‌و هه‌نگاوه‌ دوای هۆشداری سێ وڵاتی ئەوروپیی ناسراو بە ترۆیکای یەکێتی ئەوروپا دێت کە دەستپێنەکردنەوەی دانوستانەکان دەبێتە هۆی سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا.

پێشتر ئاژانسەکە باسی له‌وه‌كردبوو، ئێران تاوتوێی داواکاری سێ وڵاتی ئەوروپی دەکات، بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران و هەڵگرتنی سزاکان.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، بڕیارە ئەم دانوستانانە لەسەر ئاستی جێگری وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپایی بەڕێوە بچێت.

 
2025-07-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.