ئیسرائیل هەڕەشەی خاپوور کردنی ناوەراستی غەزە دەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
سوپای ئیسرائیل هۆشداریی لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ ناوەراستی غەزە دەدات کە پێشتر ئۆپەراسیۆنی تێدا نەکردووە.هەر ئەمرۆش نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند،ناتانیاهۆ بەدەست هەوکردنی ریخۆڵەوە دەناڵێنێت و لە ژێر چاودێری دایە.
رۆژی یەکشەممە 20ی تەمووزی2025 ئەفیغای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە پۆستێکدا رایگەیاند، پێویستە دانیشتووان و ئاوارەکانی ناوچەی دێر بەلەح دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن. ئەدرەعی دەشڵێت "ئیسرائیل چالاکییەکانی فراوان دەکات و داوای لە فەلەستینییەکان کرد بۆ سەلامەتیی خۆیان، بەرەو باشوورو ناوچەی مواسی لەسەر کەناری دەریای نێوەڕاست بڕۆن."
زۆربەی دانیشتووانی غەززە کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسن، لانیکەم یەکجار لە ماوەی شەڕەکەدا ئاوارە بوون، فەرمانەکانی چۆڵکردنی ئیسرائیل بەشێکی زۆری کەرتی غەززەی گرتووەتەوە.
هاوکات نووسینگەی ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیران بەدەست هەوکردنی ریخۆڵەوە دەناڵێنێت بەهۆى خواردنی خۆراکی تێکچووو و لە ژێر چاودێری دایە.
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردووی ئیسرائیل لانیکەم 7 کەسی لە شاری غەززە و باشووری کەرتەکە کوشتووە. هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانی لە ناوچەی جەبالیای باکووری غەززە چڕکردووەتەوە و دەیان تیرۆریستی کوشتووە و سەدان ژێرخانی تیرۆریستی تێکداوە، لەنێویاندا تونێلێکی ژێرزەمین بە درێژایی 2.7 کیلۆمەتر.
هێرشەکەی حەماس لە ساڵی 2023 بووە هۆی کوژرانی 1,219 کەس. لە بەرامبەردا، هێرشی ئیسرائیل لانیکەم 58,765 فەلەستینیی کوشتووە، کە زۆربەیان سڤیلن.
|