جیهان

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: پێویستە دەستبەجێ کۆمەڵکوژی باشووری سووریا ڕابگیرێت

نهانیوز-هەواڵەکان

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند"پێویستە دەستبەجێ کۆمەڵکوژییەی باشووری سووریا ڕابگیرێت"، هۆشداریش دەدا لەوەی بەردەوامی ئەم پێشێلکارییانە بۆ ئایندەی یەکگرتوو و ئاشتیانە لە سووریا تێکدەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تەمموز مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" ئەمەریکا ماوەی سێ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و ئوردن و دەسەڵاتدارانی دیمەشق پەیوەندییان هەیە. سەبارەت بەو پێشهات و مەترسییانەی کە لە باشووری سووریا ڕوو دەدات".

ڕوبیۆ لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەی کرد، پێویستە دەسەڵاتدارانی سووریا دەستبەجێ دەستدرێژی و کوشتنی خەڵکی بێتاوان ڕابگرن، هۆشداریشیدا لە بەردەوامی ئەم پێشێلکارییانە بۆ ئایندەی یەکگرتوو و ئاشتیانە لە سووریا تێکدەدات.

جەختیشی کردەوە "ئەگەر دیمەشق ڕژد بێت لە پاراستنی هاووڵاتییان بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دوور لە داعش و کاریگەری ئێران، دەبێت بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ وەستاندنی ئەم کارەساتە و بە کەڵک وەرگرتن لە هێزە ئەمنییەکانی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی داعش و گرووپە جیهادییە توندڕەوەکانی دیکە بۆ ناوچەکە و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی زیاتر".

هەروەها داوای کرد لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە سەلمێنراوە بەشدارن لە ئەنجامدانی ئەو شەڕە، لەوانە ئەوانەی لە ناو ڕیزەکانی خودی ڕژێمدان، جەختیشی لەوە کردەوە، بێ سزایی چیتر قبوڵناکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆتاییدا داوای کرد دەستبەجێ شەڕی نێوان گرووپە درووز و بەدەوییەکان لە باشووری سووریا ڕابگیرێت، ئاماژەی بە پێویستی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری کرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە ئاڵۆزییەکان لە سووریا چڕتر بووەتەوە و لە هێرشی بەدەوییەکان و هێزە ئەمنییەکانی سوریا بۆ سەر دروزەکان زیاتر لە 500 کەس بوونەتە قوربانی.

 
2025-07-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.