جیهان

ئەردۆغان مەترسییەکی گەورە لەسەر شەڕەکەی سوریا ئاشکرا دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ڕوسیا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهانیان تاوتوێ کرد. ئەردۆغان ئاماژە بەوە دەکات ئاڵۆزییەکانی سوریا هەڕەشەن بۆسەر تەواوی ناوچەکە.

هەینی ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا قسەی کرد.

لەوبارەیەوە نوسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا رونیکردەوە "ئەردۆغان و پوتن، لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهانیان تاوتوێ کرد".

ئەوەش هاتووە "ئەردۆغان جەختی لە گرنگی دەستپێکردنی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، هەر وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانەکە دیارییکرا، ئیستانبوڵ ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی".

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پوتین و ئەردۆغان باسیان لە دۆخی سووریا کرد و سەرۆکی تورکیا وتی "گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوای کشانەوەی هێزە ئەمنییەکانی سوریا لە پارێزگای سویدا دروستبووە کە ئەمەش هەڕەشە و مەترسی لەسەر تەواوی ناوچەکە دروست کردووە.

هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی لەسەر گرنگی پێشێلنەکردنی سەروەریی خاکی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە کردەوە.

لای خۆیەوە کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕوسیا (کرێملن)، لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەردۆغان و پوتن، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی دۆخی ئەم دواییەی سوریا کرد".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا نیگەرانی قووڵی خۆیان لەبەرامبەر ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی سوریا دەربڕی و جەختیان لە گرنگی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە لەڕێگەی دیالۆگەوە کردەوە.

هاوکات هەردوولا، لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکانی تەواوی پێکهاتەکانی سوریا هاوڕابوون و، جەختیشیان لە ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە.

کرێملن، لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستووەتە روو، لەچوارچێوەی تاوتوێکردنی پرسی ئۆکرانیا، پوتن سوپاسی ئەردۆغانی کرد بۆ ئامادەیی تورکیا بۆ درێژەدان بە ڕۆڵی خۆی لە نێوەندگیری ڕوسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ.
9کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.