نها نیوز – هەواڵەکان
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئێران جووڵەکانی بۆ پڕچەککردنەوەی گروپە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکاتەوە کە بریتین لە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی، هاوکات تارانیش رەتیدەکاتەوە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە "ئێران لەڕێگەی عێراق و سووریاوە چەک بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی دەنێرێت، هاوکات لەڕێگەی دەریاوە حوسییەکانی یەمەنیش پڕچەک دەکات، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆگا چەکانەی کەلە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیانیان بەرکەوتووە".
لایخۆشییەوە مایکل نایتس، توێژەری باڵا لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک و شارەزا لە کاروباری گرووپە چەکدارەکان، وتی "ئێران دووبارە پێگەی خۆی لەوڵاتانی شام بەهێز دەکات، ئەویش لەڕێگەی ناردنی مووشەک بۆ حیزبوڵڵا و گواستنەوەی چەک لە عێراقەوە بۆ سووریا".
وەک لە ڕۆژنامەکەدا ئەوەش هاتووە "ئێران تاکتیکی گۆڕیوە و ئێستا لەبری بارهەڵگری گەورە، لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بچووکەوە مووشەکەکان لە سوریاوە دەگەیەنێتە حیزبوڵڵا".
وۆڵ ستریت جۆرناڵ باسی لەوەشکردووە، ئێران بەخێرایی کاردەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی چەکی حوسییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا، هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی لە یەمەن هەفتەی ڕابردوو دەستیان بەسەر بارێکی گەورەی چەک و کەرەستەی سەربازیدا گرتووە کەلە کەناراوەکانی دەریای سوور بەرەو حوسییەکان دەنێردرا.
جگە لەوەش ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە 17-7-2025 سەروو بەندی ئەم هەواڵانەی ڕەتکردەوە و وتی "هەرهەواڵێک سەبارەت بە ناردنی چەک لەلایەن تارانەوە بۆ یەمەن و لوبنان هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە".