جیهان

ئیسرائیل مەودای مووشەکە بالیستییەکانی ئێران دیاری دەکات

نها نیوز- هەواڵەکان

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سێ مەرجی قورسی بۆ تاران دانا و رایگەیاند، جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە دەتوانێت ڕێگری بکات لە دەستپێکردنی هێرشی نوێ بۆسەر تاران، ئەویش کۆتاییهێنانە بە بەرنامە ئەتۆمی و موشەكیەكەی، لەگەڵ دەستبەرداربون لە پشتوانی کردنی لە تیرۆر.

بنیامین نەتەنیاهۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز-ی ئەمریكی ڕایگەیاند، ڕێكکەوتنێکی باش بریتییە لە وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم و هەروەها مەودای مووشەکە بالیستییەکانیان دەبێت 300 میل زیاتر نەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێككەوتنەكە دەبێت پەرەپێدانی موشەكی بالیستی بگرێتەوە كە مەودای موشەكەكان بەگوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییە ڕێگە پێداوەكان بێت، واتە لە 300 میل زیاتر نەبێت، لەگەڵ "وازهێنان لە تیرۆر".

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەشكرد، ئەگەر ئەم سێ مەرجە جێبەجێ بکرێن دەسەڵاتی ئێران پێی ڕازی بێت، ئەوە دەتوانێت ڕێگری بکات لە دەستپێکردنی هێرشی نوێ بۆسەر تاران، ئەگەر ڕازی نەبو، دەبێت ڕێگرییان لێ بکرێ.

پێشترڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل بڵاویكردەوە، لەكۆبونەوەكەدا نەتەنیاهۆ بە تایبەتی بە ترەمپ وتوە، "ئەگەر ئێران دەست بە هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بکاتەوە، ئیسرائیل هێرشی سەربازیی زیاتر ئەنجام دەدات".

 ڕۆژنامە ئەمریكیەكە دەشڵێت " ترەمپ وەڵامی داوەتەوە کە پێی باشترە بەڕێگەی دیپلۆماسی كێشەكان لەگەڵ تاران چارەسەر بكرێن، بەڵام ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پلانی ئیسرائیل نییە".

ئەمە لە کاتێدایە، بەرپرسانی ئێران جەخت لەوە دەكەنەوە كە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابن و لە ئەگەری گەڕانەوەش بۆ سەر مێزی دانوستان تەنیا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەیان دانوستان دەكەن.
2025-07-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.