جیهان

عێراقچی: پێویستە دڵنیابین ئەمریکا دوبارە هێرش ناکاتەوە سەر ئێران

نهانیوز-هەواڵەکان

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند" دەرگای دیپلۆماسی لە نێوان تاران و واشنتۆن بەکراوەیی ماوەتەوە"، دەشڵێت" مەرجمان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دڵنیابوونە لەوەی واشنتۆن دوبارە هێرش ناکاتەوە سەر ئێران".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی تەمموز عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆند ڕایگەیاند" ئێران بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ دیالۆگ لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، بەمەرجێک ئەمریکا گەرەنتی بدات لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا هێرش ناکاتەوە سەر ئێران".

 وتیشی" ئێران هەمیشە نیشانی داوە کە لە بنەڕەتدا ئامادەیە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر دانوستان بکات".

عێراقچی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد" هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرا کارەساتێکی ژینگەیی و مرۆیی لێبکەوێتەوە کە نەک تەنیا کاریگەری لەسەر سەلامەتی و تەندروستی گەلی ئێران، بەڵکوو تەندرووستی خەڵکی ناوچەکەش بۆ ساڵانی داهاتوو کاریگەریی هەبێت".

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی" دیپلۆماسی ڕێگایەکی دوولایەنەیە، ئەمەریکا بوو دانوستانەکانی ڕاگرت بۆ ئەوەی پەنا بۆ هێرشی سەربازی ببەن، بۆیە زۆر گرنگە بەرپرسیارێتی هەڵەکان بناسرێت و نیشانەیەکی ڕوونی گۆڕانکاری لە ڕەفتارەکاندا بەدی بکرێت".

عێراقچی جەختیشی کردەوە لەوەی " پێویستە دڵنیابین لەوەی لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا، ئەمریکا لە داهاتوودا هێرشی سەربازی دەستپێناکات".

 
8کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.