جیهان

ئاکسیۆس: ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

 پێگەی ئاکسیۆس ئاشکرای کرد، ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی ئامادە دەکات، ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش پێیان وایە کە ڕەنگە دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوز بۆ هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل هەڵبکات.

ئاکسیۆس لە زاری کاربەدەستانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند، نەتەنیاهۆ هەوڵدەدات لەگەڵ ترەمپ بگەنە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ڕێگای دانوستانە ئەتۆمییەکانی داهاتووی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و ئەگەری سیناریۆکان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هێرشە سەربازییە نوێیەکان.

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بە ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئێران هەوڵی لابردنی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو لە دامەزراوە زیانلێکەوتووەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان بدات یان دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بخاتە بەرنامەی چالاکیەکانیەوە، ئەوە سیناریۆی هێرش بۆ سەر ئێران دووبارە دەبێتەوە.

ئاکسیۆس ئاشکرای کرد، ترامپ لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی 12 ڕۆژە دووجار جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەئەگەری دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش دەکاتەوە سەر ئێران.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ٦ی تەمووز سەردانی ئەمریکای  کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی  سەرۆکی ئەمریکا کۆبوەوەو تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان لەبارەی ئێران بووە.

دۆناڵد ترەمپ، لە خوانێکی ئێوارەدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، ڕژێمی ئێران چیتر نابێت  درووشمی مردن بۆ ئەمریکا، مردن بۆ ئیسرائیل بڵێتەوە.

سوپای ئیسرائیل لە بەرەبەیانی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، هێرشی فراوانی ئاسمانی کردە سەر ئێران و جەنگێکی 12 ڕۆژە لە نێوانیان هەڵگیرسا، دواجار ئەمەریکا بە فڕۆکە B-2 لە بەرەبەیانی یەکشەممە 22ـی هەمان مانگ هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران (فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان) و دوای هێرشەکەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند،  دامەزراوەی فۆردۆ کۆتایی پێهات و ئێستا کاتی ئاشتییە"، بەڵام  کاتژمێر حەوتی بەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، لەسەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، هەردوو لایەنی جەنگەکە دەست بەرداری هێرشکردنە سەر یەکتر بوون و ئاگربەست ڕاگەیاندرا.

 
7کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.