ترەمپ باری لەناکاوی لەم وڵاتە ڕاگەیاند
نها نیوز - هەواڵەکان
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس رایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی لافاوە تێکساس، گەیشتووەتە نزیکەی 70 کەس، سەرۆکی ئەمەریکاش باری لەناکاوی لە ویلایەتەکە ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیویەتی "باری لەناکاو لە ناوچەی کێرکۆونتی لە ویلایەتی تێکساس ڕادەگەیەنم، بۆ ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری بتوانن ئەو کەرستە پێویستییانە بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتییان دەستبەجێ بەکاریبهێنن".
ترەمپ وتیشی "لافاوەکە ژیانی هاوڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە، ژمارەیەک کەس گیانیان سپاردووە و زۆرێکیش ونبوونە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.
ناوبراو نوسیویشیەتی "ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتی تێکساس لە پەیوەندی دایە".
هەر لە تۆڕی تروسدا سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکردووە "تیمەکانی فریاگوزاری و پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 850 کەسییان ڕزگار کردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 4ـی تەممووزی 2025، بارانی بە لێزەمە و لەناکاو، ئاستی ئاوی ڕووباری گوادالوبی لە دووری 140 کیلۆمەتری شاری سان ئەنتۆنیۆ، بۆ 9 مەتر بەرز کردەوە.
|