وەزیری دەرەوەی ئێران: لە بەرنامە ئەتۆمییەکەمان بەردەوام دەبین
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت"دەزانین ئامانجی سەرەکی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێڕانە، بەڵام ئێمە بەردوام دەبین لە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتی خوازانەکەمان".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی تەمموزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تۆڕی هەواڵی 'سی بی ئیس' ی ڕاگەیاند" حکوومەتی ئێران بەرنامەکانی خۆی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ڕاناگرێت، بەڵام هیچ نیازێکی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی نییە. دەشزانین ئامانجی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە."
عراقچی، دەربارەی ئەو زیانانەی بەر پێگەی ئەتۆمیی فۆردۆ گەیشتوون، وتی"هیچ کەسێک زانیاریی ورد و ڕاستی لەو بارەیەوە نییە و نازانرێ لە فۆردۆ چی ڕووی داوە. بەڵام من تەنیا ئەوەندە دەزانم زیانی زۆر و جیددی بەرکەوتووە".
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا وتی" زانایانی ئێمە لە پێناو پیتاندنی یۆرانیۆمدا ئەرک و سەختیی زۆریان کێشا، حکوومەت و گەلی ئێرانیش زیاتر لە 20 ساڵ لە بەرانبەر ئابڵۆقەی ئابووریدا خۆیان ڕاگرت، ئێستەش لەو پێناوەدا دەجەنگین؛ شەڕی قورسی 12 ڕۆژەشمان بەو هەموو قوربانی و وێرانکارییەوە هەر بۆ ئەوە کرد. بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم، شانازی و سەربەرزیی گەلی ئێمەیە و بێگومان دەستبەرداری نابین. "
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی" ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی زیانەکانی پێگەی فۆردۆیە و دواتر ڕاپۆرتی خۆی لەو بارەوە دەداتە حکوومەت. "
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو ئەگەر ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەردەوام بێت ئەگەری زۆرە دووبارە هێرشیان بۆ سەر ئەنجام بدەین.
|