جیهان

نوێترین زانیاری لەبارەی دەسپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن ئاشکرا کرا

نهانیوز-هەواڵەکان

میدیایەکی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتودا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كۆدەبێتەوە و گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرامبەر سوككردنی سزاکان، ئەمەش مەرجی یەکەمی گفتوگۆیە لەگەڵ ئێران.

تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی نیوز-ی ئەمریكی، ئەمڕۆ شەممە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی، لە چەند رۆژی داهاتودا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان، كۆدەبێتەوە، ئەمەش مەرجی یەکەمی گفتوگۆیە لەگەڵ ئێران.

بەگوێرەی سەرچاوەكە، كۆبونەوەكە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییە ئەتۆمییەکان، و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەقبەستوییەی دانوستنانەكانە کە ماوەیەکە ڕاگیراوە، هاوکات هەنگاوێکە بۆ کردنەوەی ڕیگای گفتوگۆی ڕاستەوخۆی تاران و واشنتۆن لە چواچیوەی بەرنامە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا.

لای خۆشیەوەعەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەربڕی، بەڵام  داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەو وڵاتە کرد، بێڕێزی بە ڕێبەری باڵای ئێران رابگرێت.

ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو، گفتوگۆی نوێ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدرێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستەڕو.

پێش دروستبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بڕیار بو لە رۆژی (15ـی حوزەیرانی 2025) خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران سەبارەت بەبەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە عومان بەڕێوە بچێت، بەڵام دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئامانجە ئێرانییەکان، كۆبونەوە ناڕاستەوخۆكە هەڵوەشایەوە.

 
2025-06-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.