ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی: نازانین یۆرانیۆمە پیتێندراوەکان ئێران لە کوێیە
نهانیوز-هەواڵەکان
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایدەگەیەنێت، نازانن ئێستا یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لە کوێیە و رەنگە بەشێکیشی، لەناوچووبێت.
ئەمڕۆ شەممە 28ی حوزەیرانی 2025 ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە نوێترین لێدوانی ڕۆژنامەوانیدا بۆ تۆڕی هەواڵی (سی بی ئێس)، باسی لە جەنگی ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل و گواستنەوە و شاردنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێرانی کرد.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی باسی لەوە کرد، دەکرێت بەشێکی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لەنێو چووبێت، بەڵام ئەگەر هەیە، بەشێکی بۆ شوێنێکی نهێنی گواسترابێتەوە. وتیشی" تا ئێستاش نازانین، ئێران، یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بۆ کوێ گواستووەتەوە. "
گرۆسی راشیگەیاند "ئێران بەرنامەیەکی فراوان و زۆر پێشکەوتووی تەکنەلۆژیی ئەتۆمی هەیە، هەرگیز ناتوانرێت بە کردەی سەربازیی هەموو بەرنامەکە لەنێو بچێت، بۆیە دەبێت بە گفتوگۆ لەسەر بابەتەکە بگەینە ڕێککەوتنێکی گشتگیر."
|