نهانیوز-هەواڵەکان
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند" تەنیا دەمانەوێت سوود لەو مافانە وەربگرین کە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ڕێککەوتنەکە هەیانە"، وتیشی" ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت، ئەوا وڵاتەکەی هەڵسەنگاندن بۆ گواستنەوەی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ دەرەوەی وڵات بکات".
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر پابەندبوونی وڵاتەکەی کردەوە بە بەکارهێنانی مافەکانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ڕێگریی کردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و، ڕایگەیاند"داوای زیاتر و کەمتر ناکەین، تەنیا دەمانەوێت سوود لەو مافانە وەربگرین کە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ڕێککەوتنەکە هەیانە".
ئیرەوانی ئەوەیشی خستەڕوو کە گشت وڵاتێکی ئەندام لە ڕێککەوتنەکە مافی ئەوەیان هەیە لە بواری وزەی ئەتۆمی کار بکەن، بەرهەم بهێنن و بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەکاریبهێنن.
هەروەها باسی لەوە کرد کە پێداگرن لە بارەی پاراستنی توانای بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی لە ناوخۆی وڵاتدا، ئەمەیش بە واتای ئەوە نایەت کە دەرگایان بەڕووی هاریکاریی هەرێمییدا داخستووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی ئەوەی ئێران چۆن دەڕوانێتە ئەگەری ڕادەستکردنی پیتاندنی وزەی ئەتۆمی بە کۆمەڵەی ئەتۆمی هەرێمی لەناو خاکی خۆیدا، ئیرەوانی ئاماژەی بەوە کرد لەڕووی بنەماییەوە دژی شتێکی لەم شێوەیە نین، بەڵام ئەو ئەگەرە بەپێی وردەکارییەکانی ئەو پێشنیارانە هەڵدەسەنگێنن کە وەریدەگرن.
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی: “ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ بکرێت، ئێمە ئامادەین لە بەرامبەر یۆرانیۆمی نیمچە پاڵاوتە (yellowcake) یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراومان بە ڕێژەی سەدا20 و سەدا 60 بگوازینەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و لە ئێران دەری بکەین".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە پێشنیازێکیان ئامادە کردوە کە تێیدا نزیکەی 30 ملیار دۆلار لەلایەن ولاتانی عەرەبییەوە لە ئێران سەرمایەگوزاری دەکرێت لە کەرتی بەرنامەی ئەتۆمی ئاشتیخوازانە و هاوکای شەش ملیار دۆلار دارایی بلۆکەکراوی ئێران ئازاد دەکرێت و هەندێکیش لە سزاکانی سەر تاران لادەبردرێت بەلام هەمووی ئەوانە پەیوەستە بەوەی ئێران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم لە وڵاتەکەی ببێت".