نهانیوز-هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند" هەڵوێستی دژبەیەک لە ترەمپەوە دەبیستین"، وتیشی" تا ئێستا هیچ لێکتێگەیشتنێک نییە بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بکەین".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی وڵاتەکەیدا، وتی" تا ئێستا هیچ لێکتێگەیشتنێک نییە لەبارەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ واشنتن".
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا ڕێڕەوی دیپلۆماسی بۆ شەڕ گۆڕی، هەروەها هەڵوێستی دژبەیەک لە ترەمپەوە دەبیستین.
دەشڵێت" ئەمەریکییەکان بێ هیوا بوون لە گەیشتن بە ئامانجەکەیان لە ڕێگەی دانوستانەکانەوە، بۆیە ڕێگەیان بە ئیسرائیل دا هێرش بکاتە سەرمان".
باسی لەوەش کرد، ئەو وڵاتەی کە سەرەتا داوای ئاگربەستی کرد ئەوا ئێران نەبوو، هەروەها پێش ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بوەستێنێت، ئێمە قبووڵمان نەکرد هێرشەکانمان بۆ سەر ئەو وڵاتە بوەستێنین".
گوتیشی: ئێمە وڵاتانی نێوەندگیرمان ئاگادار کردەوە کە هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێت، ئەوا ئێمە وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەمان بۆ ئیسرائیل دەبێت.
عەباس عراقچی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد، ئەمەریکا بە یارمەتیدانی ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر ئێران، خیانەتی لە دیپلۆماسییەت و دانوستان کرد. دەشڵێت: تاران هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات، کە ئایا دیپلۆماسی لەگەڵ واشنتن لە بەرژەوەندیی ئێران دایە یان نا.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل بەو هێرشانەی کە کردییە سەر ئێران، دەیویست خۆمان ڕادەست بکەین، بەڵام وەک بینیتان ئێران هەرگیز ڕادەست نەبوو.
لەبارەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ڕایگەیاند"بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە، ئێمە ئێستا بیر لەوە دەکەینەوە داوای قەرەبوو بکەینەوە".
جەختی لەوەش کردەوە" ئێران لە کاتێکی وەک ئێستا ڕەتی دەکاتەوە پێشوازیی لە ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات."
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە لوتکەی ناتۆ لە هۆڵەندا رایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێران دانوستان دەکەین".