ئیران سوور بوونی خۆی لە سەر بەرنامە ئەتومییەکەی راگەیاند
نهانیوز-هەواڵەکان
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، رەنگە هەندێک لە لێدوانەكانی ئەمریکا، تاکتیکێک بن بۆ گەورەکردنی کێشەکان لە ناوچەکە وگومانمان لە جدی بوونی ئەمریکا هەیە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە رایگەیاند، ئێران پێداگرە لەسەر دەستگرتن بە مافی بەکارهێنانی ووزەی ئەتۆمی بۆ مەرامی ئاشتیانە.
دەشڵیت " مافی ئێران بۆ وزەی ئەتۆمی ئاشتیانە وەک خۆی ماوەتەوە. بەپێی ڕێکخراوی NPT، بەگوێرەی مادەی چوارەمی پەیماننامەکە، ئێران مافی تەواوی هەیە کە وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاربهێنێت و ئێرانیش بڕیارە لە هەموو بارودۆخێکدا ئەم مافە بپارێزێت.
بەقایی ئاماژە بەوە دەکات سەرەڕای لێدوانە دژبە یەکەكانی ئەمریکا ئێران ئامادەیە بۆ گفتوگۆ، دەشڵێت "گومانمان هەیە لە جدیبونی ئەمریكا لە دانوستانەکان و متمانەمان پێیان نییە".
بەقایی لە درێژەی چاوپێکەوتنەکە دا جەخت لەوە دەکاتەوە، رەنگە هەندێک لە لێدوانەكانی ئەمریکا، بەشێک بن لە تاکتیک، بۆ گەورەکردنی کێشەکان لە ناوچەکە، دەشڵێت، "دوو رۆژ پێش دانوستانەکان گڵۆپی سەوزیان بۆ ئیسرائیل هەڵکرد، بۆ هێرش کردنە سەر ئێران و ئەمریکییەکان لەناوبەری دیپلۆماسین".
|