ترەمپ هۆکاری بنەڕەتی ئاگربەسەکە ئاشکرا دەکات
نها نیوز- هەواڵەکان
دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات هێرشی فڕۆکەکانی (بی-2)ی وڵاتەکەی بۆسەر تاران ئاگربەستێکی گەورە لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە پێگەی (تروس سۆشیاڵ) دوای کۆتایی هاتنی جەنگ و ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، لە ستیایشی تیمی سەربازیی ئەو فڕۆکانەی بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر تاران، نووسیویەتی: " بەبێ ئازایەتی و بەهرەی فڕۆکەوانەکە مەزنەکانی (بی-2)مان کە بەشداربوون لەو ئۆپەراسیۆنە، ڕێککەوتننامەکەی ئەمڕۆ نەدەکرا".
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆسەر تاران بووەتە هۆی کۆکردنەوەی لایەنەکانی شەڕ و گەیشتن بە ئەنجام کە ئاگربەستە لەنێوانیان، ئەو وتیشی: "پێکانە بێخەوشەکەی درەنگی ئێوارە، بەشێوەیەکی دیاریکراو و زۆر سەرسوڕهێنەر، هەمووانی کۆکردەوە و ڕێککەوتنەکە کرا".
هەروەها ترەمپ بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێش ئەم پەیامەی، لە بڵاوکراوەیەکی دیکە ڕایگەیاند، ئیسرائیل و ئێران "بە نزیکەیی لە هەمان کاتدا" هاتوونەتە لای و "داوای ئاشتییان کردووە".
ترەمپ لەم بارەیەوە پێشبینی خۆی بۆ کاتی ئاگرەبەستەکە خستەڕوو و پێی وابوو:"من زانیم کاتەکە ئێستایە، جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست براوەی راستەقینەن، هەردوو وڵات لە داهاتوویاندا خۆشەویستی، ئاشتیو خۆشگوزەرانیی زۆر دەبینن".."
ترەمپ هۆشداریشی دایە هەردوولایەنی جەنگ و نووسیویەتی: "ئەوان زۆریان هەیە بۆ بەدەستهێنان، لەهەمانکاتدا زۆریشیان هەیە بۆ لەدەستدان ئەگەر لە رێگای راستی لابدەن".
لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەی خستووەتەڕوو: "داهاتووی ئیسرائیل و ئێران بێ سنوورە و پڕە لە بەڵێنی گەورە، خودا هەردووکتان بپارێزێت".
|