ئەمریکا لەبارەی گەرووی هورمزەوە دوا کارتی سور لە تاران بەرز دەکاتەوە
نها نیوز- هەواڵەکان
وتەبێژی کۆشکی سپی، لەبارەی بڕیاری ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز ڕایگەیاند، تاران ناتوانێت کارێكی لەم جۆرە بکات و جەختیش دەکاتەوە، بڕیارێکی لەم جۆرە "کارێکی گەمژانەیە".
ئەمڕۆ دووشەممە، کارۆلین لیفیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی بڕیاری ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز ئاشکرا کرد و باسی لەوە کرد: " ئێران ناتوانێت گەرووی هورمز دابخات، ئەگەر بڕیارێکی لەم جۆرەش بدات، کارێکی گەمژانەیە".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا دڵنیایە لەوەی لەدوای هێرشی دوێنێی واشنتۆن بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەتەواوی خاپوور کراون.
کارۆلین لیفیت وتیشی: "دڵنیاشین کە ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج یۆرانیۆمی پیتێنراوی تێدا هەڵگیرابوو".
وتەبێژی کۆشکی سپی دووپاتیشی کردەوە، واشنتۆن لەنزیکەوە چاودێری دۆخی گەروی هورمز دەکات و ئێران ناتوانێت ئەو گەرووە دابخات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوو بەرپرسانی ئێران چەند جارێک هەڕەشەی داخستنی ئەو گەرووەیان کردووە وەک کاردانەوەیەک دژی بریاری ترەمپ بۆ هێرشکردنی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان و بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، پڕۆژە بڕیارەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کراوە و ڕەوانەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئەو وڵاتە کراوە بۆ بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز.
|