نهانیوز-هەواڵەکان
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردوە و ژمارەیەکی زۆر لە ئامانجەکانیان پیکاوە.
ئەمڕۆ دووشەممە سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شەپۆلێکی دیکەی مووشەکی ئاڕاستەی ئێران کردو نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چەندین ناوچەی ئێرانی بۆردوومانکرد، لەناویاندا وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ و زانکۆی شەهید بەهەشتی و دەروازەکانی زیندانی ئێوین.
میدیاى فەرمیى ئێرانیش رایگەیاند، بۆردوومانەکە شارەکانى تاران، کەرەج و قومى گرتووەتەوە.
بەرێوەبەری دابەشکردنی تۆڕی کارەبای تاران رایگەیاند، بەهۆى بۆردوومانەکەوە لە چەند ناوچەیەکى تاران کارەبا بڕدراوە .
لە کەرەج بارەگاى سوپاى پاسداران بە ئامانجگیراوە، هەروەها یەکێک لە بۆردوومانەکانى بۆ سەر زانکۆى شەهید بەهەشتی بووە لە تاران. هاوکات دەروازەکانى زیندانى ئێوین لە باکوورى رۆژئاواى تاران بۆردوومانکراون.
یەکێکى دیکە لەو شوێنانەى بۆردوومانکراوە، وێستگەى ئەتۆمیى فۆردۆ بووە، کە رۆژى یەکشەممەش ئەمریکا بۆردوومانى کرد.
ئاژانسى تەسنیم بڵاویکردەوە، فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئیسرائیل چەندین ناوچەیان لە پارێزگاى ئەلبورز کردووەتە ئامانج و لەلایەن بەرگریى ئاسمانییەوە بەرپەرچ دراونەتەوە.
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە 11ەمین رۆژ و تاوەکو ئێستا لە هێرشکردنە سەر یەکدی بەردەوامن.